::: بیره‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی
له ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا بیره‌وه‌یه‌كم گێڕایه‌وه و له‌وه‌ێدا بۆ ئه‌وه‌ی له باسه‌كه ده‌رنه‌چم، خۆم له گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌ند به‌سه‌رهاتی لاوكی پاراستووه كه له نێو كه‌وانه‌دا ئیشاره‌م پێ كردوون كه له ده‌رفه‌تێكی دیكه‌دا ئه‌وانیش ده‌گێڕمه‌وه، ئه‌مه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه یه‌كێك له‌و به‌سه‌رهاتانه‌یه، ده‌توانێ درێژه‌ی ئه‌وه‌ی دێكه‌ش بێ، فه‌رموون:
ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌وه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ برینداره‌كان له ئاوایی نه‌رگسه‌ڵه‌وه به‌ڕێ بكه‌وین، رووداوێك روویدا كه باش وایه بیگێڕمه‌وه، من له نێو دێ‌دا بووم كه ده‌نگی ته‌قه‌ی تفه‌نگێك هات! به مه‌ودایه‌كی كورت ده‌نگی "ئه‌حله مسری" هات:" دوكتۆر دوكتۆر، كاكه بڕۆن به دوکتۆر حامید بانگ بكه‌ن!" (ئه‌و كاته به كادره ده‌رمانییه‌كانیان ده‌وت دوكتۆر).ئه‌مه‌ش وێنه‌یه‌کی شه‌هید ئه‌حمه‌د موزه‌فه‌ری ناسراو به "ئه‌حله مسری".

من به هه‌ڵات هه‌ڵات خۆم گه‌یانده به‌ر درگای مه‌قه‌ڕ كه ده‌راوسێی ماڵی كاكه عه‌بباس بووین. دیتم ئه‌وه موزه‌فه‌ر گوازی به پشتا راكشاوه و پای به‌ز كردووه‌ته‌وه و ماسۆلكه‌ی پووزی پێی له نێوان ده‌ستی ئه‌حله مسری (شه‌هید ئه‌حمه‌د موزه‌فه‌ری، یه‌كێك له ڕۆڵه هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی كورد بوو، كه له ئازایه‌تی و جه‌سووریدا هه‌ڵكه‌وتوو بوو، ده‌یانگێڕایه‌وه كه گوایه خومه‌ینی وتوویه، زد ئینقلاب له مسره‌وه پێشمه‌رگه‌یان هێناوه. نه‌ێزانیبوو كه ئه‌حل كوڕی میم مسری خه‌ڵکی پشته یه. ئه‌و كاته سه‌رلكی ئێمه بوو)دایه و خوێن له نێوان په‌نجه‌كانیه‌وه فواره‌ی به‌ستووه! دوای ئه‌وه‌ی كه برینه‌كه‌م بۆ پێچا، زانیم كه تاوێك له‌وه‌و پێش ویستوویه بڕوات بۆ ڕاو، گوله‌ی له ده‌ست ده‌رچووه و له لاقی خۆی داوه! له‌به‌ر ئه‌وه مه‌قه‌ڕ هاتووچۆی زۆر بوو و نه‌یانده‌هێشت برینداره‌كه بحه‌سێته‌وه، له نێو دێ‌دا ماڵێكیان بۆ من و مزه‌فه‌ر به كرێ گرت. ماڵی سه‌یدێك بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامری هێلكه‌كه‌ریان بوو و هێلكه‌ی به پێشمه‌رگه ده‌فرۆشت، پێشمه‌رگه‌كان ناویان نابووه "سه‌ی هێلكه". ئه‌و دیوه‌ی من و مزه‌فه‌ر وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی لێ هاتبوو، نان و چایان بۆ ده‌هێناین و جار و باره‌ش كاك سالار (جێگری هێز بوو و فه‌رمانده‌ی لكی شه‌هید حه‌مه‌شه‌ریف بوو) ده‌هات بۆ لامان.
وێنه: شه‌هید سالار ئیبراهیمی

له حاڵه‌تێكی ئاوا دا بووین شه‌ڕی لای كۆڵ و دۆزه‌غه‌ره ده‌ستی پێكرد، هه‌ر كه‌سێیش بریندار ده‌بوو، ده‌یانهێنا بۆ دیوه‌كه‌ی ئێمه. دوای چه‌ند ڕۆژ ئیتر مانه‌وه‌مان له‌وێ بێ سوود بوو. هه‌ر بۆیه منیان بانگ كرد بۆ ناوه‌ندی ئاژوان، كه چه‌ند ماڵ له ژوور ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌وه بوون. ئه‌گه‌ر باش له بیرم مابێ كاك بابا عه‌لی و كاك موسته‌فا و كاك عه‌بدوڵا له‌وێ بوون. كاك عه‌بدوڵا بهرامی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم كه مه‌به‌ستیان چیه و دیانهه‌وێ چ بكه‌ن و وتی ده‌بێ نه‌خۆشه‌كان لێره‌وه دوور بكه‌ینه‌وه و ده‌بێ بیانبه‌ین بۆ نه‌خۆشخانه‌ی 2ی ڕێبه‌ندان له حاجی عه‌بدول. دیاره پێشتر له‌گه‌ڵ كه‌سانی نیزامی كه ئه‌ركی ئه‌م سه‌فه‌ره‌یان له سه‌ر شان بوو قسه‌یان كردبوو، من ته‌نیا به‌شی ده‌رمانیم له ئه‌ستۆ بوو. ئێوا‌ره‌یه‌ك به نه‌خۆشه‌كانه‌وه وه‌ده‌ر كه‌وتین. له نێو ڕێگه‌دا له ئاواییه‌ك به ناوی "تۆراخ ته‌په" تووشی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه بووین، سروم و ده‌رمانی پێویستیان پێ نه‌مابوو، برینداره‌كه‌شیان حاڵی زۆر خراپ بوو، هه‌ر بۆیه من سرومێك له هه‌ره باشه‌كان و هێندێك ده‌وام به كادره ده‌رمانیه‌كه‌یان دا و ئه‌ویش هێندێك ده‌رمانی به من دا. شه‌و له جاده په‌ڕینه‌و و ڕۆژی دواتر لای ئێوه‌ره گه‌یشتینه ئاوه‌ییه‌كانی نزیك حاجی عه‌بدول. خه‌به‌رمان زانی كه نه‌خۆشخانه له‌وێ نه‌ماوه و گواستوویانه‌ته‌وه بۆ ئاواییه‌ك له‌وبه‌ره‌وه به ناوی "هه‌رمێ دۆڵ". تۆزێك له ژووره‌وه‌ی دێكه له قه‌دپاڵی نسارێكدا، له‌سه‌ر كانی و ئاوێك سێ ڕیز ماڵی خۆش ساز كرابوون. له سه‌ره‌وه ڕیزی یه‌كه‌م هی كادره‌كان و دوكتۆر و چێشت لێنه‌ره‌كه بوو، ریزی دووهه‌میش به‌شی نه‌خۆشه‌كان و چه‌ندین ژووری حه‌سانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه برینداره‌كان و ریزه‌وه هه‌ره خواره‌وه‌ش چێشتخانه و حه‌مام و ...
كاتێك ئێمه نزیك دێ بووینه‌وه گوێمان لێ بوو كه له مزگه‌وتی دێ‌دا قورعان بڵاو ده‌كرێته‌وه و خه‌ڵكێك زۆریش له‌وێ كۆ بوونه‌وه‌ته‌وه! ئیتر زانیمان كه شتێك قه‌وماوه، دیاره ئه‌وه كاته وه‌ك ئێستا نه‌بوو كه هه‌ر كه‌سێك موبایل و بێسمێكی پێ بێ. ئێمه كه هاوڕێكانام به جێ هێشتبوو، هیچ ئاگامان لێیان نه‌بوو! كه گه‌یشتینه نه‌خۆشخانه به‌رپرسی نه‌خۆشخانه هات بۆ لای من و وتی خه‌به‌راتی نه‌رگسه‌ڵه؟ راسته كاكه‌م شه‌هید بووه؟ ئیتر من دڵم به ته‌واوی داكه‌وت. نه‌وه‌ڵا باوه‌ڕ بكه ئێمه كه به‌ڕێ كه‌وتین ئاخر كه‌س كاكه‌ت بوو كه من ماڵ‌ئاوایم لێ كرد. ـ وایه به‌ڵام هه‌ر دوای ئێوه جاش و پاسدار نه‌رگسه‌ڵه‌شیان گرتووه و كاكه‌یشم شه‌هید بووه.
وێنه: شه‌هید عه‌بدوڵلا بهرامی

هێنده له هه‌وه‌ڵ مانگی به‌هار نه‌چووه، ئه‌و كه‌ژ و كێوانه‌ش له‌و كاتانه‌دا وه‌ك به‌هه‌شت وان، ئێمه‌ش لاوی خوێن گه‌رم، سڵمان له هیچ نه‌ده‌ركردوه، به كه‌یفی خۆمان ڕامانده‌بوارد. ئاوای هه‌رمێدۆڵ دوكانی لێ بوو و حاجی عه‌بدولیش كه كه‌وتووه‌ته نێو دۆڵێكی دیكه نزیكه‌وه به‌ڵام به نسبه‌ت هه‌رمێدۆڵ زۆر له قوڵاییدا بوو، ده‌ورانی شاه پایگای سه‌ر سنوور له‌م گونده بوو، ئاسه‌واری پاسگاكه‌ش له‌سه‌ر ته‌پۆڵه‌یه‌ك له رووبه‌ڕووی ئاواییه‌وه دیار بوو. كاتێك نه‌خۆشخانه له حاج عه‌بدوول دا بوو و ئێمه‌ش (سێ كوڕ و سێ كچ) ده‌وره‌مان له لای دوكتر نیلوفه‌ری ده‌بینی زۆر جار به‌یانیان كه‌مینمان ده‌رده‌كرد و یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی كه لێی ده‌ماینه‌وه ئه‌و كۆنه پاسگایه بوو، که راست رووی له مه‌قه‌ڕه‌که‌ی کۆمه‌ڵه بوو، زۆر باش هه‌ستمان ده‌کرد که پێیان ناخۆشه ئیمه له‌وێ ده‌بین، پیان وابوو ئیمه بۆ شناسایی ئه‌وان ئه‌م کاره ده‌که‌ین، له کاتێکدا ڕۆژ نه‌بوو که په‌یام نه‌یه که هێزه‌کانی ڕژیم خۆیان بۆ هێرش کردن ئاماده ده‌که‌ن، نه‌خۆشخانه‌ش مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ڕژیم بوو. به‌ردێكی زۆر گه‌وره‌ش له‌سه‌ر كێوه‌ی پشت ئاوایی حاجی عه‌بدول بوو كه پێیان ده‌وت به‌رده گوێره‌كه و ده‌یڕوانی به سه‌ر ئاوایی ئه‌و دیودا كه ناوی كاومه‌له بوو. هه‌روه‌ک له پیشدا باسم کرد بنه‌كیه‌كی كۆمه‌ڵه له‌م ئاواییه‌دا بوو و ئامۆزایه‌كی من به‌رپرسی تداراكاتیان بوو، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه پێی وا بوو من له‌گه‌ڵ برژواكاندام، ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه ده‌وره‌ی ئێمه نه‌مانتوانی یه‌كتر ببینین!
وێنه: له راسته‌وه: پێشمه‌رگه‌یه‌کی بریندار له هێزی هه‌وشار، سه‌لاح مه‌نبه‌ری، خۆم (حامید درودی) شه‌ید عوسمان خاکی که خه‌ریکی پانسمانی ده‌ستی برینداره‌که‌یه و گوڵاله که له پشته‌وه دیاره.

له‌م نه‌خۆشخانه نوێیه‌دا هه‌موو ده‌واو ده‌رمانێك ده‌ست ده‌كه‌وت، ده‌رمانگا پڕ بوو له ده‌رمانی باش و به‌که‌ڵک، نه‌خۆش و برینداره‌کانیش وه‌زعیان باشتر بوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه برینه‌كه‌یان زۆر كاریی بوو و پێویستان به وێنه‌گرتن بوو، ده‌مانناردن بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی دیكه.
له به‌رامبه‌ر نه‌خۆشخانه‌وه له سه‌ر كێوێكی زۆر به‌رز و تۆزێك سه‌ره‌وه‌ی پاسگا كۆنه‌كه، چادرێك هه‌ڵدرابوو و كاك حوسێن ژاندار كه خه‌ڵكی لای ئێمه بوو به خۆی و دۆشكایه‌وه له‌وێ ئێشك كێشی ناوچه‌كه بوو! له به‌ر ئه‌وه ئاماده باش بووه، ده‌بوو كادر ده‌مانیه‌كانیش نگابانیان بدابایه! به ڕۆژدا له به‌خش و به شه‌ویشدا نگابانی.
وێنه: له راسته‌وه: ئایشێ، گوڵاله و من(حامید درودی). دیاره گوڵاڵه پێی خۆش نه‌بوو که وێنه‌مان بگرن.

له دۆڵێكی به‌رد نه‌خۆشخانه‌شدا كه له سه‌ر ڕێگای حاجی عه‌بدول هه‌ڵكه‌وتبوو، بنكه‌یه‌كی مو‌جاهید خه‌ڵكی لێ‌بوو، باشترین کڵاشینکۆفی جووت لاقیان هه‌بوو كه ته‌قه‌یان پێ نه‌كردبوو، باشترین "بێ‌سیمی مادر"یشیان هه‌بوو. به كورت و كرمانجی هه‌موو ئیمكاناتێكی ره‌فاهیان هه‌بوو.
كچه فارسه‌كه‌ش كه له‌گه‌ڵ ئێمه هات له‌گه‌ڵ كچ و ژنه‌كانی تری نه‌خۆشخانه به‌ینی خۆش كرد و وه‌ك كادری ده‌رمانی كاری ده‌كرد، به‌ڵام من كه زۆر نزیك بووم لێی و زۆر جار لای یه‌ك ده‌ردی دڵمان ده‌كرد، هه‌ستم ده‌كرد كه هه‌ست به غه‌ریبایه‌تی و نامۆییه‌كی زۆر ده‌كا.
ئه‌م وه‌زعه هێنده‌ی نه‌خایاند، به‌هاره و گیا تاكوو ئه‌ژنۆ دێ، وام هه‌ست ده‌كرد كه ئه‌وه‌ی گو‌ڵ و گیا له جیهاندا هه‌یه له‌وێ كۆ بوونه‌ته‌وه. ئه‌مشه‌و من پاسی شه‌شم، واته ئاخرین كه‌س نیگابانی ده‌ده‌م. به‌یانی زوو چاوم لێ‌كرد كه سه‌ر هه‌موو كێوه‌كان له جاش و پاسداردا جمه‌یان دێ، راست ملی ڕێگایان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ نێو چادره‌كه‌ی حوسێن ژاندار، ئه‌ویش خه‌وی لێكه‌وتووه و ئاگای له هیچ نیه!! به‌رپرسی نه‌خۆشخانه‌م هه‌ستاند و به دوربین چاوی لێ‌كرد، به‌ڵێ ده‌وروبه‌رمان گیراوه! ئێستا ئێمه خۆمان و نه‌خۆشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌مان له تاوی كاك حوسێن ژانداردا له بیر چووه‌ته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر بیگرن، هه‌ر به دۆشكاكه‌ی ئه‌وه هه‌موومان ده‌كوژن. ئیتر ئێمه رێگایه‌كی دیكه‌مان نه‌ما بێجگه له‌وه ته‌قه له ده‌ور وبه‌ری كاك حوسێن بکه‌ین بۆ ئه‌وی هه‌ستێ! هه‌وه‌ڵ نه‌مانده‌وێرا ته‌قه بكه‌ین، چوونكه جاش و پاسداره‌كان نه‌یانده‌زانی ئه‌مه نه‌خۆشخانه‌یه و یان ئه‌گه‌ر زانیبێتیان، وایانده‌زانی نه‌خۆشخانه شه‌ڕكه‌ری لێ نیه و شه‌ڕ ناكا. هه‌ر بۆیه ئێمه نه‌مانده‌ویست خۆمان ئاشكرا بكه‌ن. پێم وابێ ئه‌وانیش وایانده‌زانی هێشتا نه‌خۆشخانه له حاجی عه‌بدوله.
وێنه: له راسته‌وه: کاک کاوه به‌رپرسی نه‌خۆشخانه، شه‌هید سه‌لاح ئه‌مانی له لکی شه‌هیدانی هێزی بیستوون، سه‌لاح مه‌نبه‌ری له لکی شه‌هید نادر له هێزی بێستوون و خۆم له لکی شه‌هید حه‌ممه‌شه‌ریف و ئه‌رکانی هێز که ئه‌و کاته هه‌موومان له نه‌خۆشخانه‌دا بووین، ئه‌م وێنه‌یه‌ش له به‌ر نه‌خۆشخانه‌ی حاجی عه‌بدولدا گیراوه.

كابرایه‌كی پیری په‌ك كه‌وته‌ی هه‌ژار به ناوی خاڵه نووره‌دین خه‌ڵكی سه‌قز پێشمه‌رگه‌ی نه‌خۆشخانه بوو، بڕنه‌وێكی پێ بوو، پێم وا نیه ته‌قه‌ی پێ كردبێ، هێنده سیگاریشی ده‌كێشا، نه‌یده‌توانی به‌ڕێگادا بڕوا خێرا سینگی ته‌نگ ده‌بوو و ده‌كه‌وته كۆكه كۆك. ئێمه زۆر رێزمان لێ ده‌گرت، به‌ڵام وه‌ك پێشمه‌رگه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه له هێزی "بێستوون"دا بارهێرابووین، خۆشمان له پێشمه‌رگه‌ی ته‌مه‌ڵ نه‌ده‌ها، به‌ڵام له به‌ر به‌ساڵداچوونی خاڵه نووره‌دین، زۆرمان ڕێز لێده‌گرت. دیاره زۆر جاریس له به‌ری کاره سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی و له به‌ر بزێوه ئێمه ده‌بووه مایه‌ی پێکه‌نین و گاڵته‌مان. تفه‌نگه‌كانی خۆمان نه‌ده‌گه‌یشتنه لای كاك حوسێن ژاندارم، هه‌ر بۆیه بڕنه‌و‌ی خاڵه نووره‌دینمان هێنا و چه‌ند ته‌قه‌مان پێكرد. به‌م كاره هه‌م ئێمه ئاشكرا بووین و هه‌م كاك حوسێن به خه‌به‌ر هات، به‌ڵام 1 ته‌قه‌شی پێ نه‌كرا، ته‌نیان كارێك كه كردی دۆشكاكه‌ی له شاخه‌كه‌وه حه‌وا دابووه خواره‌وه، خۆیشی له دوایه‌وه. (ئێواره كه چووم برینه‌كان بپێچم یه‌كیان ئه‌و بوو كه په‌ڵاشه‌یه‌ك به‌ر قاچی كه‌وتبوو، به‌ڵام هیچ نه‌بوو.(
كه ئێمه ته‌قه‌مان كرد، نه‌خۆشخانه ژڵه‌ژا، ئه‌وه‌ی ده‌یتوانی بڕوا، چه‌كی پێدرا و یان چه‌كه‌كانی خۆیان هه‌ڵگرت، شه‌وی پێشوو دوو كچ له كادره‌كانی نه‌خۆشخانه چووبوون بۆ نێو دێ و چه‌ك و فیشه‌كدانه‌كانیان له ژووره‌كه‌ی خۆیان دانابوون.
به‌رپرسی نه‌خۆشخانه كادره‌كانی هه‌موو بانگ كرد، كۆڵه‌پشتیمان له ده‌رمانی پێویست و زه‌روری ئاخنی، ئه‌ی نه‌خۆشخانه چی لێ بكه‌ین؟! مه‌نجوورین ئاگری بده‌ین خۆ ئاو به جێی ناهێڵین! به‌رپرسی نه‌خۆشخانه ئه‌سپه‌كه‌ی خۆی بۆ من به جێهێشت و وتی كه ئێمه چووینه سه‌ر كێوه‌یكی پشت نه‌خۆشخانه، ئێوه‌ش كارتان ته‌واو بوو، سواری ئه‌م ئه‌سپه‌ی من به و وه‌ره! ئه‌وانه‌ی ساغ بوون و بۆ پێشمه‌رگایه‌تی ده‌بوون به‌ڕێ كه‌وتن بۆ پشت هه‌رمێ دۆڵ و نه‌خۆشخانه. برینداره‌كانیش بۆ نێو چۆم و به‌ره‌و ئاوایی حاجی عه‌بدول كه پێشمه‌رگه‌ی زۆر له هێزه‌کانی لێ بوو، زۆریان هێزی هه‌وشار بوون و له هێزی بێستوونیش بێجگه له موزه‌فه‌ر كه له نه‌خۆشخانه‌دا بوو و لاقی له گه‌چ گیرابوو، پۆلێكی پێشمه‌رگه‌ی ئازا له نێو دێ‌دا بوون كه بۆ لای هێز ده‌گه‌ڕانه‌وه و شه‌و له حاجی عه‌بدول مابوونه‌وه. یه‌كێكیان "شه‌مك خه‌راجیانی" (شه‌مسوڵا) بوو.
وێنه: له راسته‌و: ئایشێ که نیوه‌ی نه‌هاتووه، گوڵاڵه، کاک کاوه، خۆم (حامید درودی) و سه‌لاح مه‌نبه‌ری. وێنه‌که له درمانگاح نه‌خۆشخانی حاجی عه‌بدولدا گیراوه و وێنه‌گره‌که شاپور فیروزی یه که ئه‌وکات ئێمه‌یان له‌وێ به‌جێ ده‌هێشت و خۆیان ده‌چوون بۆ گونگره‌ی شه‌شی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

له‌و كاته‌دا پێشمه‌رگه له حاجی عه‌بدول ده‌رده‌كه‌ون و به‌ره‌و هه‌رمێ دۆڵ دێۆن، هێندێك له برینداره‌كانی نه‌خۆشخانه ده‌بینن، شه‌مك و حاته‌م و سه‌عید له هێزی بێستوون تووشی مزه‌فه‌ر گوازی ده‌بن، كه به نێو ئاودا چووه و گه‌چی پاكه‌ی نه‌رم بووه‌ته‌وه و ناتوانێ بڕوا، ئه‌وا پاسدار و جاشیش هه‌ر دێن نزیك ده‌بنه‌وه! شه‌مك به دوو هاوڕێكه‌ی دیكه‌ی ده‌ڵێ:" ده‌بێ موزه‌فه‌ر به‌رین! ئێوه بیبه‌ن من پاسداره‌كان ده‌خافڵێنم." ئه‌وان موزه‌فه‌ر ده‌بن و هه‌ست ده‌كه‌ن كه شه‌مك نایه‌ت، كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ده‌بینه‌ن شه‌مسوڵا پاڵی به به‌ردێكه‌وه داوه و گوله‌یه‌ك له نێو توێڵی داوه و به داخه‌وه شه‌هید بووه. ئیتر ئه‌مانیش له نگه‌رانیدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ لای پێشمه‌رگه‌كانی دیكه، خه‌ڵكی حاجی عه‌بدولیش جه‌نازه‌ی شه‌هید شه‌مسوڵا ده‌بن و له دێ‌دا ده‌ینێژن. (شه‌مسوڵا خه‌ڵكی خه‌راجیان بوو، یه‌كێك له ڕۆڵه هه‌ر جه‌سوور و نه‌ترسه‌كانی كورد بوو، باڵا به‌رز سمێڵی زل چاو زیت و زره‌نگ، زۆر به‌هیز، له هیچ سڵی نه‌ده‌كرد، له دیان شه‌ڕی نزیك و ده‌سته‌ویه‌خه‌دا به‌شداری كردبوو، به‌ڵام به سووك و هاسانی له حاجی عه‌بدولدا شه‌هید بوو.)
وێنه: به‌ر ده‌رگای بنکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له ئاوایی دۆزه‌غه‌ره. له راسته‌وه: شه‌هید شه‌مسوڵلا، خالید درودی، خالید سه‌رشێڵانه‌یی و مه‌ولود بیاری. له‌م وێنه‌دا خالید درودی (میمکه‌زا و ئامۆزازام)به گاڵته ته‌سبێح ده‌با بۆ لای سمبێڵی شه‌مسوڵلا و ئه‌ویش به گاڵته خۆی ده‌خافلێنێ و جار و باره له ناکاو قه‌پ ده‌کا به ته‌سبێحه‌که‌دا و ئه‌وانیش پێی پێده‌که‌نن. یادی ئه‌و رۆژگاره به خێر.

بگه‌ڕێمه‌وه بۆ لای نه‌خۆشخانه، نه‌خۆشخانه درا به دووكه‌س كه ئاگری بده‌ن، دیاره هه‌ر دووكه‌سیش له‌و كاته هه‌ستیاره‌دا رازی بوون بمێننه‌وه. كاك عه‌لی که پێشتر کۆمه‌ڵه بوو و ئێستا له‌گه‌ڵ ئێمه له نه‌خۆشخانه‌دا ده‌وره‌ی کادری ده‌خوێند خێرا به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ئاگر تێبه‌ردا و چوو بۆ سه‌ر كێوه‌كه‌ی پشت نه‌خۆشخانه بۆ لای هاوڕێكانی دیكه، به‌نزێنێكی زۆر هه‌بوو، كه به بووشكه (به‌رمیل) دانرابوو، لێژمان دایه‌وه نێو راڕه‌وی سالوونه‌كان تاكو ئه‌و سه‌ر چوو، كاتێك ئاگرمان دا، گڵپه‌ی به‌ست و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌مووی سوودا، كاتێك من سواری ئه‌سپ بووم و ویستم به لای ریزه ماڵه‌كانی سه‌روه‌دا بڕۆم نه‌متوانی، ئه‌سپه‌كه‌ش هه‌ستی به مه‌ترسی ده‌كرد. گوله‌ش له نێو ژووره‌كانه‌وه ده‌هات له که‌نده‌ڵانه‌كه‌ی ئه‌وه‌به‌ری ده‌دا و منیش نه‌مده‌توانی له‌وێوه بڕۆم، له پێشدا پێم سه‌یر بوو و نه‌مده‌زانی ئه‌و گوللانه له كوێوه دێن، دوایی زانیم كه فیشه‌كدانی گوڵاڵه و ئایشێیه كه له بیریان چووه و خۆشیان له نێوه دێدان! له به‌ر ڕه‌هێڵه بارانی گوله مه‌جبوور بووم ده‌وری نه‌خۆشخانه بده‌م و ئێنجا بڕۆم بۆ لای هاوڕێیانی تر كه سه‌رنگه‌ریان گرتبوو. له نه‌خۆشخانه تاكوو سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌كان هه‌ورازێكی تووندی پێنسه‌د میتری هه‌بووه. راست رووبه‌ڕووی كێوه‌كانی ئه‌وبه‌ر هه‌ڵکه‌وتبوو كه ئێستا ئیتر هه‌مووی به‌ده‌ست جاش و پاسداره‌وه بوو. هه‌تا هێزم تێدا بوو ده‌بوا ئه‌سپم تاو بدابایه و به شێوه‌ی زیك زاكیش بڕۆم بۆ ئه‌وه‌ی نه‌پێكرێم، هه‌ستم به گوله ده‌كرد كه به نێو لنگ و سمی و ده‌ور و پشتی ئه‌سپه‌كه‌دا ده‌چووه نێو گیاكاندا و سارد ده‌بووه‌وه، راست له نێو قه‌دی ئه‌و كێوه‌دا و له به‌رامبه‌ری دوژمن و ئه‌و ڕه‌هێله بارانه‌وه، به مه‌ودای دوو سه‌د میترێك به‌ردێك هه‌بوو، كه من گه‌یشتمه ته‌نیشت به‌رده‌كه، دیته‌م ئه‌وه خاڵه نووره‌دین له پشت به‌رده‌كه‌وه هه‌ناسه‌ی سوار بووه و ناتوانێ یه‌ك هه‌نگاوی دیكه بچێ! راوه‌ستام، وتی:" حامید گیان چیم لێ ده‌كه‌ی، ناتوانم بڕۆم". منیش وتم ئه‌م ئه‌سپه بوو و بڕۆ، به‌ڵام به شه‌رتێك بڕنه‌وه‌كه‌تم بۆ به‌جێ بێڵی. زۆر باشه كوره به قوربانت بم بڕنه‌و هه‌ر بۆ تۆ، به‌ڵام هاتیته سه‌روه پێم بده‌وه. زۆر باشه تۆ بڕۆ.
ئه‌و چوو و گه‌یشته جێ، منیش له پشت به‌رده‌كه‌وه ده‌ستم به بڕنه‌و ته‌قاندن كرد. من وه‌ك له پێشیشدا باسم كرد پێشمه‌رگه‌ی شه‌ڕ كه‌ر نه‌بووم و كادری ده‌رمانی بووم، به‌ڵام قه‌د له شه‌ڕ نه‌ترساوم و كاتێكیش شه‌ڕ ده‌ستی پێ ده‌كرد، وام ده‌زانی زه‌ماوه‌نده، هێنده بۆ خۆدا ده‌نازیم كه بۆ باس كردن نابێ، به‌تایبه‌تی ئه‌و ماوه‌یه كه له هێزی سه‌قز دا مابوومه‌وه. چه‌ند هه‌لیكۆپته‌ر له سه‌رمانه‌وه له هاتووچۆدا بوون، به راكت و چه‌كی دیكه ئه‌سپ و هێستركانیان لێ تۆپاندین. گوله‌ش هه‌ر وه‌ك باران ده‌باری. ئێمه شانسێكمان هه‌بوو، پشتمان له جۆڵگه‌كانی شلێر بوو، ئه‌و شوێنانه‌ش نه‌گیرابوون.
كه من خۆم گه‌یانده هاوڕێیانی دیكه، ده‌سته‌یه‌ك له پێشمه‌رگه‌كانی هێزی عه‌زیز یوسفیش گه‌یشتبوونه ئه‌وێ. عومه‌ر فه‌رمانده‌ی ئه‌وه ده‌سته‌یه بوو. هه‌موو سه‌نگه‌ریان گرتووه و له ترسی هه‌لیكۆپتردا چوونه‌ته بم و په‌نای به‌رد، كچه فارسه‌كه‌ش له رووته‌ڵانیه‌كدا دانیشتووه و رووی له قامیشله كردووه و چاوی بڕیوه‌ته تووله ڕێگایه‌ك كه له‌به‌ره‌وه به قه‌دپاڵی كێوه‌كدا كشاوه! شوكه بوو بوو، به‌ڵام هاوڕێیان دیكه هه‌ستیان پێ نه‌كردبوو، كچ و كوڕ هه‌مووی له سه‌نگه‌ردا بوون، دایه ئامینیش یه‌كێك له ژنه‌كان بوو، چه‌ند كوڕی پێشمه‌رگه بوو بوون و شه‌هید بووبوون، كوڕه چووكه‌كه‌شی له فێرگه‌ی نیزامی حیزب‌دا بوو.
میش چووم باڵی كچه فارسه‌كه‌م گرت و هێنامه په‌نای به‌ردێك و له لای خۆم دامنا، زۆر گه‌شایه‌وه. ده‌ستی به گریان كرد، منیش خه‌ریك بوو دڵم بۆی ته‌نگ بێ، له نگه‌رانیه‌كه‌یم پرسی. وتی ئێوه هه‌مووتان رێگا ده‌زانن، كه هه‌وا تارێك بێ ده‌ڕۆن و خۆتان ده‌رباز ده‌كه‌ن. به‌ڵام من چۆ بكه‌م؟ به‌جێم دێڵم و دوایی ده‌گیردرێم.
من زۆر دڵداریم دایه‌وه. وتم منیش به‌قه‌د تۆ لێره شاره‌زام (به‌راستی له‌و دوو ئاوایه‌ش زیاتر ناوچه‌ی سه‌قزم نه‌ده‌زانی، منیش غه‌ریبێ بووم له‌و خراپتر)، قه‌وڵیش ده‌ده‌م یان پێكه‌وه ده‌ڕۆین و یان پێكه‌وه ده‌كوژرێین. جا چۆن به جێت دێڵم، مه‌گه‌ر پیاوه‌تی و مه‌ردانه‌گی نه‌ماوه، ئێمه خه‌ریكین گیانی خۆمان فیدای ئازادی و ره‌زگاری ژن و منداڵی خه‌ڵك ده‌كه‌ین، ئێستا ژنێكی غه‌ریب له‌م شاخه‌وه به جێ دێڵم!؟ به كورد و كرمانجی دڵیم هێنایه‌وه سه‌ر خۆی و پێكه‌وه ده‌ستمان كرد به برین پێچان. له‌و مه‌ودایه‌دا كه ئێمه پێكه‌وه قسه‌مان ده‌كرد، وتیان ئه‌وا چه‌ند پاسدار هاتنه سه‌ره‌وه. منیش چاوم لێ ده‌كردن، سێ كه‌س له دووسه‌د میتری ئێمه‌وه خۆیان دا به عه‌رزدا، راست له ته‌نیشت به‌رده‌كه كه خاڵه نووره‌دین بڕنه‌وه‌كه‌ی دا به من. گولله مه‌ودای نه‌ده‌دان به‌رده‌كه به جێ بێڵن، ئێمه‌ش هه‌رچی هاوارمان ده‌كرد نه‌ده‌هاتن، به هه‌زرا زه‌حمه‌ت یه‌كیان "ئیسماعیل" به برینداری خۆی ده‌رباز كرد و هات بۆ لای ئێمه، دیمان كه له موجاهیده‌كانه! باشه ئه‌وه ئێوه لێره چ ده‌كه‌ن؟ وتی ئێمه‌ش به ته‌قه كردنه‌كه‌ی ئێوه‌دا به خه‌به‌ر هاتووین، پاشانیش له شوێن ئێوه هاتووین. ئه‌وانی دیكه له بن به‌رده‌كه‌دا مانه‌وه تاكوو نیزك ئێواره، خۆیان ته‌قاندوه. كه ئیسماعیل مو‌جاهید هاتوو ده‌ستمان كرد به فارسی قسه‌كردن، كچه فارسه‌كه هێنده‌ی دیكه گه‌شایه‌و و ره‌نگ و رووی هاته سه‌رخۆی.
له‌وێ ماینه‌وه تاكوو شه‌و، شه‌و دیسان به‌ربووینه‌وه بۆ نێو دێی هه‌رمێ دۆڵ و له‌وێوه به كۆڵدا بۆ چه‌م شلێر، ئیتر من و كچه فارسه‌كه زۆر جار پێكه‌و ڕێگامان ده‌كرد. كه ڕۆژمان لێ بووه‌وه له چه‌م شلێر دا پێشمه‌رگه یه‌كیان گرته‌وه. ئا لێره‌دا من پێشمه‌رگه‌كانی هێزی بێستوونم دیته‌وه و باسی شه‌هید بوونی "شه‌مسوڵا"یان بۆ كردم، ئیتر ئه‌وان ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ هێزی بێستوون و ناوچه‌ی ژاوه‌رۆ و كامیاران و كرماشان و منیش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان ده‌بوا به‌ره‌وه سه‌روه بڕۆیشتبام. برینداره‌كانیان كۆ كرده‌وه و من و شه‌هید عوسمان خاكیان كرد به به‌رپرسی ده‌رمانی گروپه‌كه كه گروپێكی نزیك حه‌فتا كه‌س ده‌بووین كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ژن و پیر و منداڵ بوون و ده‌سته‌یه‌كیش پێشمه‌رگه‌ی بریندار كه موزه‌فه‌ر گوازی و برینداری نێو داره مه‌یته‌كه‌ش كه له ڕۆژی پێشمه‌رگه‌دا بۆم باس كردن دووانیان بوون.
كچه فارسه‌كه كه له تاران‌دا ده‌واسازی خوێندبوو، شاڕه‌زاییه‌كی زۆر باشی له ده‌وا ناسی دا بوو، دیتوانی گیراوه‌ی وه‌ك سرۆمیشی ساز بكا.
له شلێره‌وه به‌ڕێ كه‌وتین، كاتی خۆی سه‌دام حوسێن و رژیمی به‌حس دێكانی ئه‌م ناوچه‌ی شلێره‌ی چۆڵ كردبوو و یه‌ك گوندشی لێ نه‌مابوو، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و به‌رده‌ڵان و به هه‌وراز و نشێوه، ئه‌وه‌ی گوڵه كێویش بێ لێی ده‌ڕوێ، ئاژه‌ڵی كێویشی زۆره. به‌تایبه‌تی به‌راز. له ریزی دواوه له‌گه‌ڵ كچه تارانی به قسه كردن كه‌وتینه شوێن كاروان، له ته‌نیشت ڕێگاكه‌وه گوڵی كێوه هه‌زار ره‌نگه هه‌بوون، منیش ماوه‌یه‌ك له شاردا ژیابووم ده‌مزانی خه‌ڵكی شار قه‌دری گو‌ڵ زۆرتر ده‌زانن له ئێمه‌ی لادێیی كه هه‌میشه خۆمان له نێو گه‌ڵداین و هه‌ستمان نه‌ماوه بۆیان. له ته‌نیش ڕێگاكه‌وه چه‌پێك گوڵی جوانم چنی و به تاڵێ گیا به‌ستن. پێم وابێ ئه‌وه‌ی بۆی خۆش له دوانیا دا بێ له‌و چه‌پكه گه‌ڵدا كۆ بووبوه‌وه. گه‌ڕامه‌وه نێو ریزی كاروانه‌كه و چه‌پكه گوڵه‌كه‌م دایه ده‌ست كچه‌كه، زۆر سوپاسی كردم و له ره‌نگ و روخساریدا دیاربوو كه زۆری پێ دڵشاد بووه. دیاره من ته‌نیا به مه‌به‌ستی دڵدانه‌وه‌ی ئه‌وه و له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هه‌ست به غه‌ریبایه‌تی نه‌كا ئه‌و كاره‌م كرد. ده‌نا بۆ ئه‌وه نه‌ده‌بوو، ئاشق بین. دیاره ئه‌وه وای نیشان ده‌دا كه دڵی به كه‌سه‌وه نیه. ده‌شیوت كه مێردی كردووه و مێرده‌كه‌ی ئیعدام كراوه، به‌ڵام من قه‌ت باوه‌ڕم به‌م قسانه‌ی نه‌كرد. ئه‌وه‌ندی بڵێم كه له دڵه‌وه ئیحترامێكی له راده به‌ده‌ر و دوور له عیشق و عاشقی له دڵی مندا نسبه‌ت به‌و كچه په‌یدا بوو بوو. ئه‌و كاتیش من هێشتا نه‌بوو بووم به 20 ساڵ له‌به‌ر ئه‌وه بۆ ئه‌وه نه‌ده‌بوو بیر له ژن هێنان بكه‌مه‌وه، كچه پێشمه‌رگه‌ی دیكه له نه‌خۆشخانه‌دا بوون كه زۆر یه‌كترمان خۆش ده‌ویست.
سه‌رتان نه‌یه‌شێنم، گه‌یشتینه ئاواییه‌كی سه‌ر به شاری بانه، به ته‌مابووین له ئاواییه‌ش ره‌د بین و تاكوو هه‌وا رووناكی نه‌كردووه له جاده بكه‌ینه ئه‌وه‌به‌ره‌وه. به‌ڵام كه گه‌یشتینه ئاوایی هه‌وا به ته‌واوی رووناكی كرد. پایگای و مۆڵگه‌ی پاسداریش له پشت ئاوایی و له رووبه‌ڕووی ئاوییه‌وه‌یه و به ڕۆژیشدا جاش و پاسدار دێنه نێو دێ! بڕیارمان دا له ئاوایی بمێنینه‌وه، ئه‌گه‌ریش پێیان زانین ئه‌وا تاكوو ئاخر گوله شه‌ڕ بكه‌ین. له چه‌ند ماڵدا ماینه‌وه من و كچه فارسه‌كه و كچێكی پێشمه‌رگه كه ئه‌ویش پێشتر له به‌شی ده‌رمانی دا خوێندبووی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی برینداره‌كان ماینه‌وه. سرۆمم بۆ برینداری نێو داره‌مه‌یته‌كه وه‌سڵ كرد، شه‌و و ڕۆژێك بوو نه‌خه‌وتبووم و زۆریش هیلاك بووم، به‌ڵام لاوه‌تی و غروری جه‌وانی زۆر جار ئه‌و شتانه ناناسێ. له ته‌نیشت برینداره‌كه‌وه دانیشتبووم و چاوم بڕیبووه دڵۆپه دڵۆپی سرۆمه‌كه، ئێتر نازانم كه‌ی وه‌ك هپتۆنیزم كرا‌و خه‌وم لێ كه‌وتبوو، كه به خه‌به‌ر هاتم، نه سرۆم ماوه و نه خه‌به‌رێك له ده‌رزی قۆڵی بریندار هه‌یه، برینداریش ئه‌وه پرخ خه‌وی لێ كه‌وتووه، زۆر ترسام. هه‌ر وا له نێو بیر كردنه‌وه‌دا بووم كه كچه پێشمه‌رگه‌كه له ته‌نیشته‌وه وتی: "ده‌زانم بیر له چی ده‌كه‌یته‌وه، زۆر خۆش خه‌وت لێ كه‌وتبوو، منیش دڵم نه‌هات هه‌ڵتسێنم، ده‌مزانی ماندووی، هه‌ر بۆیه سرۆمه‌كه ته‌واو بوو، ده‌رم هێنا." زۆر خۆشحاڵ بووم، ئه‌وا رۆژیش به‌ره به‌ره بۆ نێوه‌ڕۆ ده‌چێ، له په‌نجه‌ره‌كانه‌وه ده‌مانبینی كه پاسداره‌كان له به‌ردێ له سه‌ر جاده‌كه‌وه نیگابانی ده‌ده‌ن. دانه دانه ئه‌وانه‌ی كاری سه‌رئاو و ده‌ستشۆریان هه‌بوو، ده‌بانجه‌یان له به‌ر شاڵ ده‌نا و ده‌چوون بۆ مزگه‌وتی دێكه‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه.
خاوه‌ن ماڵیش به پێچه‌وانی ئه‌وه‌ی كه هه‌ست به ناڕه‌حه‌تی بكا، زۆر خوشحاڵ بوو بوو كه پێشمه‌رگه هاتوونه‌ته ماڵی، قاوڵتی یه‌كی زۆر خۆش كه پێك هاتبوو له شیر و هه‌نگوین و چای و ماستی لادێ، پێیداین و گه‌شاینه‌وه.
كه هه‌وا تاریكی كرد له دێ چووینه ده‌رێ و له جاده په‌ڕێنه‌وه، چووینه ئاواییه‌كی دیكه، ئیتر ده‌واو ده‌رمانی كۆڵه‌پشتی من ته‌واو بوو، ئه‌وه‌ش تێیدا مابوو، كه‌ڵكێكی وای نه‌بوو.
چووم بۆ لای شۆفیری دێكه، نوسخه‌یه‌كم له درمانی باش و به‌كه‌ڵك پێ دا و ناردم بۆ شار بۆ ده‌وا خانه، كاغه‌زه‌كانی من تایبه‌تی بوو له هێزی بێستوونه‌وه له‌گه‌ڵ خۆم هێنابووم، مۆری پێوه بوو كه له ته‌واوی ده‌رمانخانه‌كانی ئێران‌دا ره‌واجی هه‌بوو! زۆر ئامانه‌تم به كابرای شۆفیر دا و بردم نه‌خۆشه‌كانم پێ پیشان دا، ئه‌ویش تۆزێك هه‌ستی كوردانه‌ی بزاوت و خێرا كاغه‌زه‌كه‌م به دزی هه‌موو پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی دێوه پێ دا، ته‌نیا كچه فارسه‌كه‌م ئاگادار كردوه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر من ناوی ده‌رمانێكم له بیر چووه ئه‌و بینووسێ.
كابرا چوو بۆ شار و لای ئێواره به كۆڵێك ده‌رمان و سرۆمه‌وه هاته‌وه. ئیتر ئه‌و ده‌رمانانه بشیان كرد تاكوو گه‌یشتینه نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره. به‌ڵام له‌م دێیه‌دا كاك حه‌بیب سنه‌یی له‌گه‌ڵمان هات كه له ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا باسم كردووه. ئێمه گه‌یشتینه شاره دێیه‌ك به ناوی "كه‌ناروێ". موجاهیده‌كانیش ده‌یانزانی ئێمه دێین و برینداره‌كه‌ی ئه‌وانیشمان پێیه. هه‌ر بۆیه دوكتۆرێكیان ناردبوو به پیرایمانه‌وه. دوكتۆر هات و ده‌ستم كرد به گوزارش دان له سه‌ر پێشمه‌رگه‌كان، كه گه‌یشته لای داره مه‌یت و تۆزێك ده‌ستی له سكی پێشمه‌رگه‌كه كرد، پێشمه‌رگه‌كه‌ش داوای ئاوی لێ كرد. ئه‌ویش وتی ئاوی پێ بده‌ن هیچ نیه. ئیتر خۆتان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه چه‌ند ڕۆژ بێ و نه‌هێڵم ئاو بخۆی، ئێستاش خه‌ڵكی كه‌ناروێ به ته‌نه‌كه شه‌ربه‌تی پرته‌قاڵ له سه‌هۆڵه‌وه له به‌ر ده‌ستتدا دابنێن. كاكی برینداریش وه‌ك نه‌دی و بده‌ی هێنده‌ی خۆارد، به‌یانی تا گه‌یاندمانه سلێمانی و چه‌ند لیتر ئاویان له سكی ده‌رهێنا وه‌خت بوو پیكوژێ.
له سلێمانی كچه فارس و باقی ژن و منداڵه‌كان جیا كرانه‌وه و ئێمه به برینداره‌كانه‌وه نێردراین بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش كه له لای قه‌ڵاده‌ز و ده‌وره‌به‌ردا هه‌ڵكه‌وتووبوو، له‌به‌ر ئه‌وه من له‌وێ نه‌ماوه و پاش شه‌وێك دیسان له سه‌رده‌شته‌وه گه‌ڕامه‌وه بۆ كانی مێو كه ئه‌و كات ده‌فته‌ری حیزبی لێ بوو. له‌وێش نان و چاییه‌كیم خوارد و وتیان ئه‌وه ماشین ده‌ڕوا بۆ سلێمانی، منیش سوار بووم و گه‌ڕامه‌وه بۆ سلێمانی و له‌وێشه‌وه بۆ دێكه‌ی كه كابرای شۆفیر ده‌رمانی بۆ كڕێم.
دیاره به‌سه‌رهاتی ئه‌م جاره‌م لێره‌دا ته‌واو ده‌بێ. به‌ڵام هه‌رچه‌نده درێژیش بووه‌ته‌وه پێم خۆشه شتێكی ترتان بۆ باس بكه‌م كه بۆ پێكه‌نین ده‌بێ.
له‌و سه‌ره‌وه كه گه‌ڕامه‌وه له‌گه‌ڵ پولێك پێشمه‌رگه‌ی هێزی هه‌وشار و عه‌زیز یوسفی دا بووم به هاوسه‌فه‌ر كه چه‌ك و چۆڵێكی زۆریان هێنابوو بیبه‌ن بۆ ناوه‌ندی ئاژوان، كوڕێكی هاوته‌مه‌نی خۆم له هێزی عه‌زیز یوسفی به ناوی په‌رویز بوو به ره‌فیقم. شه‌و له ئاوای ده‌رچووین، به من په‌رویزیان وت ئێوه له به‌روه بڕۆن بۆ سه‌ر جاده‌كه بزانن كه‌مین هه‌یه یان نه، ئه‌گه‌ر نه‌بوو ئه‌وا ئێمه‌ش دێین و ده‌په‌ڕینه‌وه، ئه‌گه‌ریش هه‌بوو ئه‌وا به بێ ده‌نگی بگه‌ڕێنه‌وه. پێش ئه‌وه‌ی بڕۆینه سه‌ر جاده‌كه ڕێگایه‌كه ده‌بوو به دووان، من و په‌رویز كه گه‌یشتینه ئه‌وێ، بێرمان له‌وه ده‌كرده‌وه كه نه‌كا پێشمه‌رگه‌كانی دوای ئێمه بێن و له رێگاكه‌ی دیكه‌وه بڕۆنه سه‌ر جاده. راست واشی لێهات، ئێمه له ڕێگای له راسته‌وه چووینه سه‌ر جاده و كه‌مینی لێ نه‌بوو، بۆی دانیشتین و ده‌ستمان كرد به قسه كردن، نه تاوێك به دووان، پێشمه‌رگه نه‌هاتن! ئه‌وه هه‌واش به‌ره‌و ڕووناك بوون و به‌یان ده‌ڕوا، له كۆتاییدا بێتاقه‌ت بووین و گه‌ڕاینه‌وه، له سه‌ر دوو ڕێگانه‌كه كاتێك شوێنه پێیه‌كانمان دیت، ئیتر دڵنیا بووین كه ئه‌وان له‌و ڕێگاكه‌ی دیكه‌وه ڕۆیشتوو. ئێمه‌ش دوو لاوی كه‌م ته‌جره‌به، نامۆی ناوچه‌كه نه‌مانده‌زانی چی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له شوێن پێشمه‌رگه‌كان ده‌چووین، تازه دێر بوو و تاكوو دیسان ده‌چووینه سه‌ر جاده‌كه رۆژ ده‌بووه‌وه و دیده‌بانه‌كانی جاده ده‌هاتن، ئێمه‌ش به دوو كه‌سه‌وه شتێكی وامان پێ نه‌ده‌كرا، بڕیارمان دا به‌ره‌و دێیه‌كه‌ی كه شه‌و لێی بووین بگه‌ڕێینه‌وه. دیاره تاكوو بگه‌شتبایه‌ینه‌وه دێش رۆژ ده‌گه‌یشته چاشتان و له‌وبه‌ره‌وه پایگاكه دیدیتین. له نێوان دوو ڕێگانه‌كه و دێیه‌كه‌دا لامان دایه ماڵێكی زۆر ڕێك و پێك كه ته‌نیا ده میتر له خواره‌وه‌ی ڕێگاكه‌وه بوو. خانوویه‌كی دوو ته‌به‌قه كه حاجییه‌كی زۆر به‌ڕێز له به‌رد ده‌رگادا بوو. به كورتی به‌سه‌رهاته‌كه‌مان بۆ گێڕایه‌وه. ئه‌ویش وتی:" ڕۆڵه ئێوه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانم جیاوازیتان نیه، ئێره‌ش ماڵی خۆتانه، تاكوو كه‌س نه‌یدیون بڕۆنه ته‌به‌قه‌ی سه‌ره‌وه و بۆ خۆتان هه‌تاكوو ئێواره بخه‌ون. دڵیا بن كه هیچتان به سه‌ر نایه، جاش و پاسدار جار و باره دێنه ئێره، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر هاتن، ئێوه كارتان پێ نه‌بێ بۆ خۆم چاره‌سه‌رێكیان بۆ ده‌دۆزمه‌وه! لای ئێواره‌ش به یه‌كێك له كوڕه‌كان ده‌ڵێم له گه‌ڵتان بێ تاكوو ده‌ستا به پێشمه‌رگه‌كان ده‌گاته‌وه."
ئێمه له‌و بڕوایه‌دا بووین كه ئه‌م مامه پیره به ئه‌زموونه بۆی ده‌ركه‌وتبوو كه ئه‌گه‌ر پاسدار بێنه ماڵیان ئێمه له بێ ئه‌زموونی دا ده‌ست ده‌كه‌ین به ته‌قه كردن و ئه‌م جۆره‌ش هه‌م ماڵی ئه‌وان به ئاگره‌وه ده‌نێین و هه‌م خۆشمان به كوشتن ده‌ده‌ین.
هه‌ر بۆیه به قسه‌مان كرد، به‌ڵام بۆ خۆمان بڕیارمان دابوو كه ئه‌گه‌ر بوو به شه‌ڕ تا دوایین فیشه‌ك شه‌ڕ بکه‌ین. چووینه ژووره‌وه و له پله‌كانه‌كانه‌وه چووینه سه‌ره‌وه، ژوورێكی زۆر خۆشیان به فه‌رشی جوان جوان رازاندبووه‌وه، ئه‌وه یه‌كه‌م جار بوو له‌و ماوه كورته پێشمه‌رگایه‌تیه‌مدا ده‌چوومه ماڵی وا خۆش. ماڵه‌كه‌یان چه‌نده خۆش بوو، خۆشیان هێنده به‌ڕێز و رووخۆش بوون.
دوا نیوه‌ڕۆ به خه‌به‌ر هاتین و ده‌ستمان كرد به فشه كردن، مامه حاجیش هات بۆ لامان. هه‌ستمان ده‌كرد كه زۆر خۆشی ده‌وێین. نزیك ئێواره یه‌كێك له كوڕه‌كانی بانگ كرد و ئامانه‌تی ئێمه‌ی پێ دا و وتی كوڕم تاكوو ده‌ستیان نه‌ده‌ی به ده‌ست هاوڕێكانیانه‌وه نه‌گه‌ڕێیته‌و و ئاگاشت له خۆت بێ!
كوڕه‌كه‌ی به شێواز ته‌مه‌نی له سێ به‌ره‌وه سه‌ر دیار بوو، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك باوكی زۆر ڕوو خۆش بوو و زوو له‌گه‌ڵمان بوو به هاوده‌م. لێره‌دا ده‌بێ كه‌وانه (په‌رانتز)ێك بكه‌مه‌وه.
(كاتێك من تازه هاتبووم بۆ هێزی عه‌زیز یوسفی، داستانی شه‌هید بوونی عه‌لی باڵدار و هاوڕێكانیان بۆ گێڕابوومه‌وه كه به چ شێوه‌یه‌ك له ناوچه‌ی شلێر به ده‌ستی جاشه‌كان شه‌هید بووه، هه‌ر بۆیه هه‌میشه ناوی شلێرم ده‌بیست یان له شلێره‌وه تێده‌په‌ڕیم، ئه‌و به‌سه‌رهاته‌م به بیر ده‌هات و پێم وابوو شلێر پڕه له جاش! دیاره ئه‌و ناوچه‌یه‌ش وێران كرا‌و بوو و دێی لێ نه‌بوو، له‌به‌ر چڕ و پڕی دارستان و گیا و سه‌وزه‌ڵانی زۆر سامدار بوو)
ئه‌م شه‌ویش ده‌بوا له شلێره‌وه تێپه‌ڕ بین! داستانه‌كه‌م له‌گه‌ڵ په‌رویز باس كرد، ئه‌ویش له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوو كه كابرای چاوساغمان به مه‌ودای ده تاكوو پازده میتر له پێش ئێمه‌وه بڕوا تاكوو ئه‌گه‌ر كه‌مین بوو ئێمه نه‌ڕۆین، ئه‌ویش نه پێشمه‌رگه‌یه و نه چه‌كی پێیه، ئه‌گه‌ریش بیگرن ده‌ڵێ مه‌ڕ و ماڵاتم لێ ون بووه و بۆ دۆزینه‌وه‌یان هاتوومه‌ته ئێره. دوای چه‌ند جار كۆكین (قوفین) ئێمه ئاگادار ده‌كاته‌وه و ئێمه‌ش یان خۆمان حه‌شار بده‌ین یان به‌ره‌ودا بگه‌ڕێینه‌وه. نیازی خۆمان له‌گه‌ڵ كابرا باس كرد، ئه‌ویش زۆری پێ ماقووڵانه بوو و هه‌ر واشمان كرد.
ناوه‌ڕاست مانگی به‌هار بوو، ده‌شت و چۆمی شلێر له گیادا خه‌مڵیبوو، له هێندێك شوێندا كه له رێگاباریكه‌كه لامان ده‌دا گیا خۆی له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌ژنۆش ده‌دا. شه‌وێی زۆر سامناك و وه‌ك شاعیر ده‌ڵێ ئه‌نگوسته چاو بوو. له تاریكی دا به زه‌حمه‌ت چاوساخه‌كه‌ی خۆمان به دی ده‌كرد. بێده‌نگی یه‌كی زۆر سه‌یر باڵی به سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشابوو، ته‌نیا هه‌ناسه‌ی خۆمان نه‌بێ هه‌ستمان به هیچ نه‌ده‌كرد. كه‌ڵاشێنكۆف ئامانده و ئێمه‌ش ده‌ستمان له سه‌ر په‌له‌پیتكه بوو، هه‌ر ئێستا نه تاوێكی دیكه دڵنیا بووین كه ده‌كه‌وینه كه‌مین و ده‌رچوونیشمان نیه، جا پێش ئه‌وه‌ی بمانكوژن ده‌بێ شه‌ڕێی قاره‌مانانه بكه‌ین. له‌م بیرانه دابووین، تمه‌ز مه‌كه كابرای چاوساغمان له شه‌كه‌تی ڕێگادا پڕی لووتی بووه له چڵم و ئێمه‌ش ئاگامان لێ نیه، كه له به‌ر چاو ئێمه‌وه چووه نێو چه‌م و دۆڵێك و ئاوه‌كه‌ی دیبوو، ئه‌نگوستێكی له سه‌ر كونه لووتێكی دانابوو و هه‌تاكوو هه‌ناسه و هێزی تێدا بوو، له‌و كونه لووته‌كه‌یه‌وه تریه‌وه چڵمی فڕه دایه ده‌ره‌وه. پڕمه‌ی لووتی به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر و سامناك بێده‌نگی شه‌وی شكان، چه‌ندین به‌رازه و ئاژه‌ڵه كێوه‌ی كه بۆ ئاوخواردن له نزیك چۆمه‌كه‌وه خه‌وتبوون، له خه‌و ڕاپه‌ڕین و به نێو ئه‌و گیا و سه‌وزه‌ڵانانه‌دا ده‌رپه‌ڕین و بوو به پڕمه پڕمێك هه‌ر بۆ باس كردن نابێ. ئێمه ئیتر به ته‌واوی دڵنیا بووین كه كه‌وتووینه‌ته ناوه‌ڕاستی كه‌مینه‌كه و تازه شلێر دبێ به شوێنی شه‌هید بوونمان. به بێ ئه‌وه‌ی ئاگامان له خۆمان بێ، به‌ره‌و دوا هه‌ڵاتین و پاش چه‌ند میتر خۆمان به عه‌رزدا دا. له‌مانه خراپتر ئه‌وه بوو كه كابرای چاوساغمان بانگی ده‌كردین و ده‌یوت:" هیچ نیه كاكه هیچ نیه ئه‌وه من بووم، نه‌ترسێن بگه‌ڕێنه‌وه." ئیتر هێنده‌ی دیكه خه‌جاڵه‌تی كردین. ئێمه‌ش به شپرزه‌یی و به پێكه‌نینه‌وه گه‌ڕایینه‌وه بۆ لای كابرا. ئیتر هه‌تاكوو سه‌ر له به‌یانی كه گه‌یشتینه‌وه لای پێشمه‌رگه‌كان به‌و به‌سه‌ر هاته پێ ده‌كه‌ینین كه به ڕاستی بووه هۆی دامركانی ترسیشمان.
به‌سه‌ر هاته‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ش له جاره‌كه‌ی دیكه درێژتر بووه‌وه. ئه‌وانی تریشتان بۆ باس ده‌كه‌م و شوێن له‌م وێبلاگه باشتریش نیه كه ئه‌م شتانه پاش بیست ساڵ باس بكرێن. هیواشم ئه‌وه‌یه كه ڕۆژێك له ڕۆژان بگه‌ڕێمه‌وه بۆ نێو ئه‌و خه‌ڵكه و بچمه ئه‌و ماڵانه كه ئه‌و كاته یارمه‌تیان كردووم و پڕ به دڵ سوپاسی ئه‌و هه‌سته پیرۆزه‌یان بكه‌م.
تاكوو به‌سه‌ر هاتێكی دیكه لای ئێوه خۆش.
:::....
ئه‌ی تۆ ئێژی چی
____________________________________