:::
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر وتارێکم له سه‌ر جۆر و فۆرماتی ده‌نگه‌کان بۆ ماڵپه‌ڕی دیمانه نارد. ئیمڕۆ له ئارشیوه‌که‌یدا زۆر به دواییدا گه‌ڕام به داخه‌وه نه‌مدۆزییه‌وه. پێم خۆش‌بوو لێره‌ش بڵاوی بکه‌مه‌وه که ڕه‌نگه بێ سوود نه‌بێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که ڕه‌نگه وتاره‌که وه‌ک وتاره‌که‌ی دیمانه نه‌چی له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌وان به زه‌وق و سه‌لیقه‌ی خۆیان جوان ڕازاندبوویانه‌وه و من لێره‌دا به ساده‌یی دایده‌نێم.
هیوادارم که‌ڵکی هه‌بێ. فه‌رموون:
چه‌ند فۆرماتی ده‌نگ و ڕه‌نگ
ئه‌وه‌ی سه‌روكاری له‌گه‌ڵ كومپیۆته‌ر و ئینترنێت هه‌بێ، پێی خۆش بێ و پێن ناخۆش بێ، بێشك سه‌روكاریشی له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی ده‌نگ ڕه‌نگیش ده‌بێ. ڕه‌نگ زۆركه‌س له‌وانه‌ی كه ته‌نیا گوێ له گۆرانی ده‌ده‌ن و یان هه‌واڵ و ده‌گ و باسه‌كان له ڕیگای ئینترنێته‌وه له ڕادیۆكاندا ده‌بیستن، هێنده خولیای ئه‌وه نه‌بن كه ئایا ئه‌و ده‌نگه‌ی كه گوێیان لێ گردتته له چ فۆرماتێك ساز كراوه و ئایا له بنه‌ڕه‌تدا چ پێویسته مرۆڤ ئه‌و جۆره فۆرماتانه بزانێ؟
بێجگه له‌وانه‌ی كه ته‌نیا گوێ ده‌گرن، ده‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی كاربه‌رانی ئینترنێت هه‌ن كه پێیان خۆشه چه‌ن گۆرانی دڵخوازی خۆیان بكه‌ن به سی دی و جار و باره له نێو ماشێن یان له سی دی پله‌یری ماڵدا بۆ زاخاوی مێشك گوێیان لی بگرن. بێخگه له‌مانه‌ش ده‌سته‌یه‌كی دیكه هه‌ن كه پێیان خۆشه فۆرماتی گۆرانی و ده‌نگه‌كان بگۆڕن و له سه‌ر ئینترنێت بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ی دابنێن یان به ڕێگای ئینترنێتدا بۆ خزم و كه‌س و كاری خۆیان بنێرن.
بێ گومان ئه‌م دوو ده‌سته‌ی وایه ده‌بێ لانی كه‌م بزانن چ جۆره فۆرماتێك جیگای كه‌م ده‌گرێ، چۆن فۆرماته‌كانی ده‌نگ و ڕه‌نگ ده‌گۆڕدرێن و به چ شێوه‌یه‌ك ده‌كرێ به ئینتر نێتدا به‌ڕێ بكرێن.
گواستنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ نێو كومپیۆته‌ر
ئه‌و ده‌نگه له كاست، دات باند، مینی دیسك، سی دی، سه‌فحه‌ی گرامافۆن و هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی دیكه‌دا تۆمار كرابێ گرینگ نییه، گرنینگ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامره‌ی كه ده‌نگه‌كه‌ی پێ لێده‌درێ، به هۆی وایر و كارتێكی ده‌نگ (كه له نێو كومپیۆته‌ره‌كه‌دا گرێ ده‌درێ) به كومپیۆته‌ره‌كه‌وه گرێ بدرێ و ده‌نگه‌كه به هۆی پرۆگرامێكه‌وه له نێو كومپیۆته‌ره‌كه‌دا تۆمار بكرێ. پرۆگرانمیش بۆ ئه‌م كاره زۆره و چاك و خراپیان هه‌یه و به پێی چاك و خراپیان نرخه‌كانیشیان جیاوازی هه‌یه (من بۆ خۆم WaveLab) به‌كار دێنم. دیاره كومپانیای ماكروسۆفت له نێو سیستمی كومپیۆته‌ره‌كاندا پرۆگرامێكی باشی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته داناوه كه ناوی (Windows Movie Maker)ه و ئه‌وانه‌ی به‌م پرۆگرامه ڕازین، پێویست ناكا پرۆگرامی دیكه بكڕن.
گۆڕینی ده‌نگ
بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به شێوه‌ی ئاسایی بتوانن گوێ له‌و ده‌نگانه بگرن و پێویست نه‌بێ هه‌موو جارێك بۆ گوێ گرتنی هه‌واڵێك یان گۆرانییه‌ك پرۆگرامێك دابه‌زێنن، باشترین شێوه ئه‌وه‌یه كه ده‌نگه‌كان به پرۆكرامی (Real Producer) بگۆڕدرێن بۆ فۆرماتی ram, rm. ئه‌م جۆره فۆرماته ئاسایی‌ترین جۆره بۆ سه‌ر ئینترنێت و زۆربه‌ی رادیۆكان له‌م فۆرماته كه‌ڵك وه‌رده‌گرن.
به‌ڵام ئه‌گه بمانه‌وی هه‌مان ده‌نگ له سی دی یه‌كدا كۆپی بكه‌ین و له سی دی پلایه‌ر ماڵ و یان شوێنی كاردا گوێیان لێ بده‌ین، ڕه‌نگه هێنده سه‌ركه‌وتوو نه‌بین، هه‌ر بۆیه ده‌بێ پرۆگرامێكیش بۆ گۆڕینی ئه‌وه ده‌نگانه به‌كار بێنین، بێگومان پرۆگرام بۆ گۆڕینی ده‌نگ زۆره و كومپانیاكانیش له پێشبڕكه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی پرۆگرامی هاسانتر و باشتر دروست بكه‌ن. من بۆ خۆم (Media Wizard) به‌كار دێنم له‌به‌ر ئه‌وه توانایی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئه‌م جۆره فۆرماتانه MP3, WMA, WAV, OGG, AVI, MPG (MPEG-1 and MPEG-2), WMV ده‌گۆڕێ به یه‌كتری، ده‌نا بێشك پرۆگرام زۆره و هه‌ركه‌سیش حه‌ز له پرۆگرامی دڵخوازی خۆی ده‌كا.
ئه‌وانه‌ش كه به ته‌مان گۆرانییه دڵخوازه‌كانیان بگوازنه‌وه بۆ نێو ئم پی 3 (MP3) كانیان، ئه‌وا ده‌توانن به‌و پرۆگرامه‌ی سه‌ره‌وه فۆرماتی ده‌نگه‌كه بگۆڕن و ئینجا به‌كاریان بێنن كه جیگایه‌كی یه‌كجار كه‌میش ده‌گرن.
جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگ له ڕه‌نگ
زۆر جار هه‌ڵكه‌وتووه كه مرۆڤ چاو له كلیپ یان ڤیدۆیه‌ك ده‌كا و پێی خۆشه ده‌نگه‌كه‌ی لای خۆی تۆمار بكا، به‌ڵام به حه‌سره‌ته‌وه وازی له‌و ئاواته‌ی هێناوه. ئیستا پرۆگرام زۆرن بۆ جیبه‌جێ كردنی ئه‌م كاره، یه‌كێك له‌و پرۆگرامانه (McFunSoft Video Solution)ه، كه پشتیوانی ئه‌م جۆره فۆرماتانه AVI, MPEG, VCD, DVD, SVCD, WMV ده‌كا. ده‌تواندرێ دوای جیا كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش فۆرماته‌كه بۆ فۆرمات و جۆری دڵخواز بگۆڕدرێ.
چه‌ند فۆرماتی ڤیدۆیی
AOD کورتکراوی Advenced Optical Disk ه، فۆرماتێکه له لایه‌ن کومپانیای Toshiba و NEC ه‌وه ساز کراوه و ڕه‌نگه جێگای DVD بگرێته‌وه. ئه‌م فۆرماته HD- DVDیشی پێ ده‌ڵێن و چاکی یه‌که‌ی راده‌به‌ده‌ره، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م فۆرماته له که‌ره‌سته دروست کراوه‌کانی ماکروسۆفتیشدا به‌کار بێ، مه‌جبوور بوو کۆد (Codecs) بۆ مێدیا پلایه‌ر ساز بکا و به‌م شێوه‌یه مرۆف ده‌توانێ له مێدیاپلایه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌م فۆرماته دروست کراون بکاریان بهێنێ.
AVI کورتکراوی Audio Video Interleaved ه و به شێوه‌یه‌کی ساکار ده‌توانم بڵێم "پاکه‌تێک"ه بۆ ڕاگرتنی وێنه و ده‌نگ. ئه‌و زانێاریانه‌ش ده‌توانن له ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر له " Codecs " پێکهاتبن. چه‌ند نموونه له‌و کۆدانه‌ی که له AVI فۆرمات دا کار ده‌که‌ن ئه‌مانه Ci-nepak, Intel Indeo, DivX, Xvid, Microsoft DV و هیترن.
Blu Ray ئه‌مه‌ش یه‌کێک له‌و فۆرماتانه‌یه که ده‌یهه‌وێ جێگای تکنولۆژیای DVD بگرێته‌وه. ئه‌م فۆرماته له لایه‌ن هه‌موو کومپانیا گه‌وره‌کانی وه‌ک Sony, Dell, HP, Hitachi, LG, Mitsubisi, Panasonic و Smansungه‌وه پێک هاتووه.
Blu Ray به تیشکی تکنیکی له‌یزه‌ری ڕه‌نگ شین کار ده‌کا و وه‌ک DVD- Ram مێدیاکه‌ی خۆی له کاسێتدا پاشه‌که‌وت ده‌کا. Blu Ray له هه‌ر دێوێکه‌وه 27 میگابایت جێگای بۆ تۆمار کردن هه‌یه، هه‌ر بۆیه ده‌توانم بڵێم دووبڵ پاشکۆیه، له کاڵای ڕه‌قی میکرۆسۆفت ڤیدۆز مێدیادا کۆدی HD-codes به‌کار دێنێ.. له ژاپوندا بۆ کڕێن ده‌ست ده‌که‌وێ و له‌سیستمی Sonys XD CAM بۆ ساز کردنی به‌رهه‌می ڤیدیۆئی زۆر زانستیانه‌دا به کار دێ.
Codec کورتکراوی Compressor/Decompressor ه. زۆرتر فایلی وه‌ک AVI و Quicktime کۆده‌کان به هۆی کومپره‌سوورێکه گوشراون و چووکه کراونه‌ته‌وه، یان ته‌قریبه‌ن وه‌ک فورماتی tiff, tag, jpg ئه‌م کاره‌ش له‌به‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که جێگای زۆر نه‌گرن. دیاره ئه‌و کومپیۆترانه‌ش که ئه‌م جۆره فایلانه لێ ده‌ده‌ن و یان ده‌که‌نه‌وه، ده‌بێ کۆدی " Codecs"ی ئه‌م فیلانه‌یان تێدا بێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که ئه‌گه‌ر بمانه‌وه‌ێ ئه‌و جۆره فایلانه له کومپیۆته‌ره‌که‌ماندا ساز بکه‌ین، ده‌بێ ئه‌وکاتیش پێشتر ئه‌و کۆدانه‌مان دامه‌رزانبێ.
Div-X, X-Vid/ 3vid و هێتر.ئه‌م جۆره فۆرماتانه که له‌سه‌ر بنه‌مای Mpeg-4 ساز کراون، کاتێک برۆدباند په‌یدا بوو، ئه‌م جۆره فایلانه له هه‌موو کاتێک زیاتر به‌کارهاتن، به‌تایبه‌ت وه‌ک فایل گۆڕینه‌وه له هه‌موو جیهاندا، فیلمێکی درێژ له‌م جۆره فۆرماتانه‌دا له 1 تاکوو 2 سی دی دا جێگای ده‌بێته‌وه و له‌کاتی بینینیشدا زۆر جوان پێشانی ده‌دا. خراپییه‌که‌ی ئه‌م جۆره فایلانه ئه‌وه بوو که له سه‌ره‌تادا له مه‌کینه‌ی دی ڤی دیه‌کان لێ نه‌ده‌دران، به‌ڵام له مه‌کینه نوێکاندا زۆرباش ده‌خوێندرێنه‌وه.
DV کورت کراوی Digtal Video فۆرماته بۆ به‌کارهێنه‌رانی ئاسایی. له‌پا ییزی 1995 دا ئاماده کرا. له کاتی هاتنیدا، شۆڕشێکی به‌رپا کرد، چوونکه ئه‌و هه‌له‌ی ڕه‌خساند که به کڤالیته‌یه‌کی زۆر باش فیلم هه‌ڵبگرێته‌وه، هاوکات له لایه‌ن زانایانی ئه‌و بواره‌وه له DVD-Cam و DVC proدا به‌کار هێندرا. ده‌توانم بۆ وێنه ئیشاره بکه‌م به فیلمی کۆمۆدی "یاڵا یاڵا" که له وڵاتی سوید، ده‌رهێنه‌ر یوسف فارس به DV-Camده‌ریهێنا. دیاره له سه‌ره‌تادا له لایه‌ن هێندێک کۆمپانیاوه ئه‌م کاره‌یان پێ ناخۆش بوو، چوونکه وایانده‌زانی ئیتر کامیرا گران و که‌ره‌سته پڕ باییه‌کانی ئه‌وان بێ که‌ڵک ده‌بن. دیاره فیلمێکی دیکه‌ی سینامایی که له گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارنشینی شاری یۆته‌بۆری به هه‌مان شێوه دروست کرا و باسی له ژیانی بیانیه‌کان ده‌کا. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که هێندێک خه‌ڵک پێیان وابوو که ئه‌م جۆره فیلمانه خراپ ده‌رده‌چن و بۆ سه‌یرکردن نابن، به‌ڵام له چاکی دا شان له شانی کڤالیته‌ی دی ڤی دی ده‌ده‌ن.
DVD Video فۆرماتێکه له جۆری mpeg-2 که ده‌بێ لانی زۆر تاکوو 9،8 Mbit/s زانیاری داتای تێدا تۆمار کرابێ تاکوو به مه‌کینه‌ی دی ڤی دی لێ بدرێته‌وه. ئه‌م جۆره فۆرماتانه ساڵی 1996 دوای ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ک له نێوان پێکهێنه‌ره گه‌وره‌کاندا هاه دونیاوه. زۆر جار ئه‌و زانیاریانه ده‌بێ بسووتێندرێنه سه‌ر سی دی یه‌کی دی ڤی دی. هه‌موو کاتێک مرۆڤ ناتوانێ سی دی یه‌ک به کۆدی دی ڤی دیه‌وه (C-DVD) له کومپیۆته‌ری ماڵدا لێ بدا.
D-VHS دیجیتاڵ ڤیدیۆ فۆرماتێکه له جۆری mpeg-2 که له کاستی وه‌ک ڤیدۆی کاستی ئاسایی (VHS)دا تۆمار ده‌کرێ. ئه‌م فۆرماته له لایه‌ن کومپانیای JVC کڤالێته‌ی وێنه‌کانیش زۆر زۆر باشه. به‌داخه‌وه نزیکه‌ی 5 ساڵ دێرتر له کاتی خۆی هاته بازاڕه‌وه.
HDV جۆرێکی نوێتره له mpeg-2، له دوو جۆر به ئه‌ندازه‌کانی 720p و 1080i . له DV کاستدا تۆمار ده‌کرێ. کومپانیا گه‌وره‌کانی وه‌ک Sony, Canon, JVC و Sharp پێکه‌وه چاکیان کردووه.
Mpeg-1 فۆرماتێکی زۆر کۆنه، له سه‌ره‌تاوه مه‌به‌ست له ساز کردنی ئه‌م فۆرماته ئه‌وه به‌وو که مرۆڤ بتوانێ له مه‌کینه‌یه‌کی سی دی ئاسایی (1xCD-rom)یه‌وه له کۆمپیوته‌رێکی پێ سی جۆری 33Mhz و به مێشکێکی چوار mb یه‌وه لێ بدرێ. ئه‌م فۆرماته یه‌کێک له خۆره هه‌ره باشه‌کانه، له به‌ر ئه‌وه له هه‌موو جۆره کومپیۆته‌رێکی پی سی و ماکنتاشی ئه‌م ده‌ورانه‌دا ده‌توانێ لێ بدرێ. ئه‌م جۆره فایلانه تۆزێک گه‌وره‌ن.
Mpeg-2 جۆرێکی پێشکه‌وتووتری Mpeg-1 یه، کڤالیته‌ی زۆر باشه و به زۆر شێوه له سی دی DVD و له که‌بڵی به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆ و کاناڵی ساته‌لاتی، دیجتێاڵ ڕادیۆ و تێ ڤێ و هیتر... فایلێکی ره‌سه‌نی Mpeg-2 زۆر جاران ده‌تواندرێ له Windows media player 8 به‌ره‌وسه‌ره‌وه لێ بدرێ، به‌ڵام ده‌بێ DVD پلایه‌رت هه‌بێ تاکوو بتوانی له پی سی دا چاو له فیلمێکی DVD بکه‌ی. به‌ڵام له‌و ماکنتاشانه‌دا که سیسته‌می OSX بۆ سه‌ره‌وه به‌کار دێنن، بۆ خۆیان ئوتومات DVD پلایه‌ریان له‌گه‌ڵه.
Quick Time ئه‌م فۆرماته چه‌ند ساڵه هه‌یه و وه‌ک یه‌که‌م فۆرمات بۆ چاولێکردنی وێنه‌ی جوڵاوه له کومپیۆته‌ره‌کاند ده‌ژمێردرێ. ئه‌م فۆرماته له لایه‌ن Appleه‌وه له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 90 دا ساز کرا و 2ی سپته‌مبری 1991 هاته بازاڕ. تاکوو نووسینی ئه‌م دێڕانه‌ش ڤێرژنی 6.5ی بۆ PC و Mac ده‌رچووه و له ته‌واوی جیهاندا به‌کار دێ. ئه‌میش وه‌ک فۆرماتی AVI "پاکه‌ت"ێکه پڕ له کۆدی جۆراوجۆر.
Real Video، هه‌وه‌ڵین فۆرماتی گونجاوه له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ده‌نگ و ڕه‌نگ له Webدا، ئه‌و فۆرماته ده‌رفه‌تی به‌کار هێنانی ده‌نگ و ره‌نگ بۆ چاولێکردن به شێوه‌ی جوڵاوه (چاولێکردنی ڕاسته‌وه‌خۆ) له پی سی دا ڕه‌خساند. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ فۆرماته‌کانی ئه‌مڕۆژانه‌دا هه‌ڵیسه‌نگێنین، خه‌ریک بوو به جێ ده‌ما، به‌ڵام له‌وه ده‌چێ له‌م دوایین فێرژنه‌ی خۆیدا هێندێک کۆسپی پڕ کردبێته‌وه و دیسان په‌ره بستێنێته‌وه. بۆ وێنه له لایه‌ن رادیۆی وڵاتی سویده‌وه بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانیان وه‌ک "webbradio"له سه‌ر ئینترنیت به‌کار دێ.
Video ی راسته‌وخۆ
جیاوازی له نێوان وێب ڤیدیۆ (Webbvideo)ی "ڕاسته‌وخۆ" و "ڤیدیۆی دابه‌زاندن"دا هه‌یه. جیاوازیه‌که‌شیان ئه‌وه‌یه که له "وێب ڤیدیۆی راسته‌وخۆ"دا مرۆڤ ده‌توانێ پێش ئه‌وه‌ی هه‌موو فایلی ڤیدیۆکه دابه‌زیبێته نێو کومپیۆتره‌که، چاو له فیلمه‌که بکا.
VCD/S-VCD ڤی سی دی کورد کراوه‌ی Video CDیه که پێک هات بۆ بازاڕی وڵاته ئاسیاییه‌کان که ئێستاش له‌گه‌ڵ جێگره‌که‌ی Super Video CDدا ڕۆڵێکی زۆر کارگێڕ و گرینگ‌یان هه‌یه. ڤی سی دی له فۆرماتی Mpeg-1 که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و کڤایلته‌که‌شی باشه به‌ڵام Super Video CD له فۆرماتی Mpeg-2 که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و هه‌ربۆیه‌ش چاکیی وێنه‌کانیشی زۆر په‌سنده. مرۆڤ ده‌توانێ له زۆربه‌ی دی ڤی دی پلایه‌ره نوێیه‌کاندا ئه‌م دوو جۆره فۆرماتانه لێبدات و سه‌یریان بکا، دیاره هه‌ر ئه‌وه‌ش کارێکی کردووه که سنووری به‌کارهێنه‌ره‌کانی به‌رڵاوتر بێته‌وه و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ Div-X دا هه‌ڵیسه‌نگێنین، ده‌زانین که زۆر له پێشتره.
Windows Media، ئه‌مه له سه‌ره‌تای ناوی فۆرماتی asf, avanced streaming بوو و له ساڵی 1999دا ناوی گیڕدرا به‌مه‌ی ئێستا واته " Windows Media " و تاکو ئێستاش ڤێرژنی 9ی ده‌رچووه. هه‌م به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌یه و هه‌میش به شێوه‌ی داگرتن، دیاره بۆ هه‌ردوو جۆری ڕه‌نگه و ده‌نگ. له‌سه‌ر بنه‌مای Mpeg-4 دروست کرا و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فایله‌کانی نیوه‌ی فاله‌کانی دی ڤی دی جێگا ناگرن، به‌ڵام له چاکیی دا شان له شانی دی ڤی دی ده‌ده‌ن.
Windows Media له ڤێرژنه نوێکه‌ی دا توانایی HD-videoی هه‌یه و گه‌وره‌یی فایله‌کانیش ته‌نیا به قه‌ت فایلی DVD- Mpeg-2 ده‌بن. ئه‌م ڤێرژنه ئێستا ئیتر له ئامریکا ده‌ستیان به به‌کارهێنانی کردووه و له سینماکاندا بۆ پیشاندانی به‌رهه‌مه‌کانیان به شێوه‌ی دیجیتاڵ که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که له‌م دوواییانه‌ش دا به هۆی کومپانیای Appleوه ساز کراوه بۆ کومپیۆته‌ره‌کانی جۆری ماکینتاش، به‌ڵام ته‌نیا بۆ سیسته‌می OS X به‌کار دێ.
دی ڤی دی
زۆر جار بووه دی ڤی دی و ڤی سی دی‌یه‌كمان له لایه‌ن خزم و دۆستانه‌وه له وڵاته جۆراوجۆره‌كانی دونیاوه پێ گه‌یشتووه كه به‌داخه‌وه نه‌كراوه چاویان لێ بكه‌ین، جاری واش هه‌بووه كومپانیایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی جۆر و فۆرماته‌كانیان بگۆڕێ تاكوو بتواندرێ چاوی لێ بكرێ، داوای پووڵێكی زۆری كردووه.
هۆیه‌كی سه‌ره‌كی نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره دی ڤی دی و ڤی سی دی‌یانه ئه‌وه‌یه كه له دونیادا له چه‌ندین جۆر فۆرمات كه‌ڵك وه‌رده‌گیردرێ. هاسانترین كار بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌وه‌یه كه له كاتی كڕینی مه‌كینه‌ی دی ڤی دی پلایه‌ره‌كه‌دا جۆری region free یان code free له‌به‌ر چاو بگیردرێ بۆ ئه‌وه‌ی فۆرماتی هه‌موو ناوچه‌كان بناسێته‌وه.
ئه‌وانه‌ش كه له ڕێگای كومپیۆته‌ره‌وه چاو له دی ڤی دی و ڤی سی دی ده‌كه‌ن، ده‌توانن پرۆگرامێكی region free له كومپیۆته‌ره‌كه‌یاندا دابمه‌رزێنن كه یه‌کێك له‌وانه ناوی (DVD X Player Professional v3.0)ه و له كاتی دامه‌زراندنه‌كه‌یدا ده‌بێ كۆدی هه‌موو وڵاته‌كان دیاری بكرێ تاكوو بیانناسێته‌وه.
ڤیندۆز مێدیا پلایه‌ر
ئه‌وانه‌ش كه هێندێك ده‌نگ و ره‌نگیان له مێدیاپلایه‌ردا بۆ ناكرێته‌وه، ده‌توانن له ڕێگای ئینترنێته‌وه له ماڵپه‌ڕی كومپانیای ماكرۆسۆفدا به خۆڕایی هه‌ر كۆدێكیان ده‌وێ دایبه‌زێنن بۆ نێو مێدیاپلایه‌ره‌كه‌یان. ده‌نا ده‌توانن له ماڵپه‌ڕی گووگڵ (google)دا بنووسن (media player code ) ئیتر چ فۆرماتێكیان بوێ ده‌ستیان ده‌كه‌وێ.
حامید درودی
9/8/2005
:::....
ئه‌ی تۆ ئێژی چی
____________________________________